وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی چوار وڵات بانگدەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی چوار وڵات بانگدەکات
بە تۆمەتی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی چوار وڵات بانگدەکات، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت "هیچ کەسێک مافی نییە دەست لە کاروباری عێراق وەربدات".

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق برۆنۆ ئەوپیر، باڵیۆزی فەرەنسا، ستیڤن هیک، باڵیۆزی بەریتانیا، یوخن مۆلەر، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا و ئولریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدای بانگکردووە و لەگەڵ عەبدولکەریم هاشم، بریکاری وەزیری دەرەوە کۆبوونەتەوە.

لە دیدارەکەدا عەبدولکەریم هاشم وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی عێراق پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەهێزکردنی پەیوەندییەکان هەیە، بەیاننامەی ئەو وڵاتانەی رەتکردووەتەوە کە ئەو وڵاتانە لەبارەی عێراق بڵاویانکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو کارە دەستوەردانێکی روونە لە کاروباری ناوخۆی عێراق و پێشێلکارییەکی روونی ماددەی یەکەمی رێککەوتنی ڤیەننایە بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان وڵاتان.

بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی باڵیۆزەکان لە بە‌غدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بونیادنانی بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ؛ هەر بەیاننامەیەک لەبارەی عێراقەوە دەربکرێت پێویستە بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

عەبدولکەریم هاشم باسی لەوە کرد "عێراق گەلێکی تەواو پێگەیشتووە، هیچ کەسێک مافی نییە دەست لە کاروباری عێراق وەربدات یان گوزارشت لە بۆچوونی بکات و پێویستە نێردە دیپلۆماسییەکانی بەغدا پابەندی پێوەرەکانی کاری دیپلۆماسی بن کە پەیوەندیی نێوان وڵاتان رێکدەخات و هاوکارییەکان بە‌هێزدەکات".

ئەو باڵیۆزانە جگە لە سەرکۆنەکردنی کوشتنی خۆپیشاندەران، داوایان لە عادل عەبدولمەهدی کرد، وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تاوەکو کەسێکی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات لە کوژرانی خۆپیشاندەران، هەروەها چەند رێکارێک بگرێتەبەر تاوەکو دڵنیابێتەوە لەوەی خۆپیشاندەران پارێزراو دەبن.

لە مانگی 10وە لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانیشەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 خۆپیشاندەر کوژراون و هەزارانی دیکەش برینداربوون، چەندین وڵات لە ماوەی رابردوودا ئیدانە و سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی تووندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق کردووە.
Top