'دانانی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق ئاسان نابێت'

'دانانی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق ئاسان نابێت'
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و پەسەندکردنی لە لایەن پەرلەمانەوە، تا ئێستا کەسێك دەستنیشان نەکراوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێ، دانانی سەرۆکوەزیران ئاسان نابێت.

دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق ئاسان نابێت، هێشتا ناوێک نییە کە جێگرەوەی عەبدولمەهدی بێت، دیاریش نییە ئەو سەرۆکوەزیرەی دابێ بە دڵی کێ دەبێت و ڕەزایەتی کێی لەسەر دەبێت.

سەرۆکوەزیرانێکی نوێ...

ناوێکی ناسراو و دیار نییە، بەڵام گفتوگۆی ژێربەژێر هەن، هەر گرووپ و لایەنێک دەیانەوێت پێگە و نفووزی خۆیان لە عێراق بەهێزتر بکەن و بەشێک لە سیاسەتڤانان پێیان وایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە عێراق دانانریت و خۆپێشاندەرانیش ئەمە قبووڵ ناکەن.

بەیار دۆسکی گوتی: "دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی قەیرانێك لە نێوان لایەنەکانی عێراقدا پەیدا بووە، ئەویش بێباوەڕی بە یەکترییە، ئێستاش هەردوو بەرەکانی "چاکسازی و بینا" هاوکاریی یەکتر نەکەن، قورسە سەرۆکوەزیرێکی نوێ دەستنیشان بکرێت و ئەگەر نیەتی چاک و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی عێراق لەبەرچاو نەگرێت، ئەوا زۆر قورسە کەسیك دابنرێت، بەڵام تا ئێستا لە عێراقدا ئەمە نەبووە."

ناوبراو ئاماژەیشی دا: "پێ دەچیت کۆتاییی ئەم هەفتەیە کەسێک ڕابگەیەنرێت، کە کەسیكی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ لایەنێک نییە، بۆ ئەوەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری بکریت، بەڵام بە بۆچونمان هەر کەسێک بێت و کوتلەیەکی پەرلەمانی پشتیوانیی لێ نەکات، وەک عادل عەبدولمەهدی درێژە ناکێشێت."

ئۆکەی خۆپێشاندەران

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی، خۆپێشاندەران نەوەستاون و داوای جێبەجێكردنی داواکاریی خۆپێشاندانەکان دەکەن و دەبێ هەموو شتێکی دابێت ڕازیبوونی خۆپێشاندەران و شەقامی عێراقی لەسەر بێت و ئەمە لە داواکارییەکانی شەقامی عێراقییە."

خۆپێشاندەران لە دروشمەکانیاندا دەڵێن، دەبێ دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە ڕەزامەندی و ئۆکەی ئەوان بێت، نەک بە ڕازیبوونی وڵاتانی ''دەرەوە''، دەشبێ سەروسیمایەکی نوێ بێتە سەر دەسەڵات و ئەوانەی پێشووتر قبووڵ ناکەن.

دۆسکی ئاماژەی دا: "یەکێک لەو فاکتەرانەی کە هۆکارە بۆ ئەوەی ئێستا نەتوانن کەسێك بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت هەڵبژێرن، داواکاریی خۆپێشاندەرانە و دەبێ ئەو کەسەی دابێ ڕازیبوونی خۆپێشاندەرانی لەسەر بێت و داوکارییان جێبەجێ بکات."

ئێستا کورد چەند ئامانجی لە دانانی سەرۆکوەزیران هەیە، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە تەنیا ئەوەی گووتوە، کە دەبێ سەرۆکوەزیرانی نوێ بەدروستی دەستوور جێبەجێ بکات.
Top