پەرلەمانتارێکی عێراق: مادەم لەسەر پیاوێک رێک ناکەوین با ژنێک هەڵبژێرین

پەرلەمانتارێکی عێراق: مادەم لەسەر پیاوێک رێک ناکەوین با ژنێک هەڵبژێرین
پەرلەمانتارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە مادەم عێراقییەکان لەسەر پیاوێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت رێک ناکەون، با ژنێک هەڵبژێرن.

عەبدوڵڵا خەربیت، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان (سوننە)، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، رایگەیاندووە، زۆر زەحمەتە لایەنە عێراقییەکان لە وادەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.

عەبدوڵڵا خەربیت هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێستا باشترین شت بیرکردنەوەیە لە کاندیدکردنی ژنێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، چونکە لایەنە عێراقییەکان لەسەر دیاریکردنی پیاوێک رێک ناکەون.

تا ئێستا لە مێژووی نزیکەی یەک سەدەیی عێراقدا، هێچ ژنێک پۆستە باڵاکانی سەرۆک کۆمار، پەرلەمان و حکوومەتی وەرنەگرتووە.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.












باسنيوز
Top