دەستەی نەزاهە: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٩ وەزیر و ١٠ پەرلەمانتار دەرکرا

دەستەی نەزاهە: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٩ وەزیر و ١٠ پەرلەمانتار دەرکرا
دەستەی نەزاهەی عێراق ئاشکرای کرد کە فەرمانی دەستگیرکردنی ٢٢٦ تۆمەتبار دەرکراوە کە لە نێوانیاندا ٩ وەزیر و دەیان خاوەن پلەی تایبەتیان لەنێو دایە.

بەپێی راگەیاندراوێکی دەستەی نەزاهەی عێراقی، لە چوارچێوەی کارەکانی فەرمانگەی لێکۆڵینەی دەستەی نەزاهە، فەرمانی گرتنی ٢٢٦ کەس دراوە کە دووانیان ئیستا وەزیرن، پێنجیان لە سەردەمی حکوومەتەکەی عەبادی و دووانیشیان لە پێشووتر وەزیر بوون.

هەر لەنێو ئەوانەی فەرمانەکەیان بۆ دەرکراوە، ١٢ ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەن کە ١٠ کەسیان ئێستاش پەرلەمانتارن. لەگەڵ بریکاری وەزارەتێکی ئێستای حکوومەتی عێراق و پێنج بریکاری وەزارەت لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق.

بەپێی راگەیاندراوەکە، فەرمانی دەستگیرکردن و بانگکردنە بەردەم دادگا بۆ پارێزگارێکی ئێستای عێراق و ١١ پارێزگاری پێشوو، ١١٨ ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ١١ ئەندامی ئەنجومەنەکانی پێشووی پارێزگاکانی عێراق، ٣٢ بەڕێوەبەری گشتی کە ١٩یان ئێستاش لە پۆستەکانیاندان لە وەزارەتەکانی (نەوت، کارەبا، پەروەردە، تەندرووستی، پیشەسازی و دیوانی وەقفی سوننی)ن. لەگەڵ ١١ بەڕێوەبەری پێشوو لە (ئەنجومەنی وەزیران، ئەمیندارێتیی بەغدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەندرووستی، شارەوانی، ئاوەدانکردنەوە، گواستنەوە و پیشەسازی)، لەگەڵ دوو بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی وەزارەتەکانی پیشەسازی و گواستنەوە.

دەستەی نەزاهەی عێراق جەختی کردووەتەوە کە سەرجەمی فەرمانی گرتنەکان لەم دواییانە ٢٥٦ فەرمان بوون، ٥١ فەرمانی گرتن جێبەجێ کراوە، ٦٨ تۆمەتباریان ڕەوانەی دادگاکانی دیکە و دادگای تایبەتمەند یان لایەنەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە کراون.












باسنيوز
Top