لە کۆتایی ئەم هەفتەيه ناوی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

لە کۆتایی ئەم هەفتەيه ناوی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت


ناوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ئاشکرا دەکرێت و پەرلەمانتارێکیش رۆژەکەی دیاری دەکات.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەبێ کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران رەزامەندیی مەرجەعی باڵای شیعەکان و خۆپیشاندەرانی لەسەر بێت.

محەمەد بەلداوی هەروەها رایگەیاندووە، کە دەیان کەس، کە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەیان دەدا، دوورخراونەتەوە و ئێستا تەنیا چوار کەس کاندیدن بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کردووە، کە لە ”کۆتایی ئەم هەفتەیەدا“، ناوی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.







باسنيوز
Top