پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی کوژرانی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدات
پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەهۆی کوژرانی خۆپیشاندەران، ئەنجام دەدات و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی بەگدا دەکات.
بریارە کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 9-12-2019، ئەنجام بدرێت، کە تێیدا کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن گرووپ و میلیشیاکانەوە، دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
ئێوارەی رۆژی هەینی 6-12-2019، 300 تا 400 چەکدار، کە دەگوترێ سەر بە میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی بوون، لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر، پردی سەنەک و گۆڕەپانی خەلانی، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 20 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 70ـی دیکە بریندار بوون.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز