فەرماندەیەکی باڵای عێراقی لە پۆستەکەی لادرا

 فەرماندەیەکی باڵای عێراقی لە پۆستەکەی لادرا
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی عێراقی لەکارەکەی لا دەدرێت و پەرلەمانتارێک ”هۆکاری راستەقینە“ی دوورخستنەوەکە ئاشکرا دەکات.

عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری عێراق بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، فەریق روکن قەیس مەحمەداوی، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا گوێی بۆ داواکاریی لایەنە سیاسییەکان و میلیشیاکان نەداوە، بۆیە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

عەلا روبەیعی ئاشکرای کردووە، کە میلیشیاکان و لایەنە سیاسییەکان گوشاریان خستووەتە سەر فەریق روکن قەیس مەحمەداوی بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان بە زەبری هێز و ئەویش رازی نەبووە، بۆیە لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو فەرماندەیەی بە پاساوی ”نەخۆشی“ی فەرماندەکە داوە و لیوا عەبدولحوسێن تەمیمی، بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داناوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 6-12-2019، 300 تا 400 چەکدار، کە دەگوترێ سەر بە میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی بوون، لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر، پردی سەنەک و گۆڕەپانی خەلانی، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 20 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 70ـی دیکە بریندار بوون.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.




باسنیوز
Top