وڵاتانی بەهێزی ئەوروپا داوا لە عەبدولمەهدی دەکەن لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران بکات

وڵاتانی بەهێزی ئەوروپا داوا لە عەبدولمەهدی دەکەن لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران بکات
باڵیۆزانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە عادل عەبدولمەهدی کردووە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خۆپیشاندەران بکات.

لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی هەرسێ باڵیۆزخانەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، باڵیۆزەکان سەرکۆنەی کوژرانی خۆپیشاندەرانیان لە عێراق کردووە، لە نێویاندا کوژرانی 25 خۆپیشاندەرەکەی ئەم دواییەی بەغدای پایتەخت.

هەروەها هەر سێ باڵیۆزەکە داوایان لە عادل عەبدولمەهدی کردووە، وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق تاوەکو کەسێکی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە، دەستبکات بە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خۆپیشاندەران، هەروەها چەند رێکارێک بگرێتەبەر تاوەکو دڵنیابێتەوە لەوەی خۆپیشاندەران پارێزراودەبن.

باڵیۆزەکان داوایانکردووە ئەو کەسانەی لە پشت کوشتنی خۆپیشاندەرانەوەن رووبەڕووی سزا بکرێنەوە، هاوکات نابێت رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار بدرێت لەدەرەوەی فەرمانی حکومەت هیچ جموجووڵێک ئەنجامبدات.

هەروەها داوایانکردووە، بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی عێراق بۆ دووربوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شوێنی خۆپیشاندانەکان جێبەجێبکرێت و ئەو کەسانەش کە پێشێلی ئەم بڕیارە دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لە 1-10-2019 خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کەس کوژراون و زیاتر لە 17 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
Top