دەیان گەنجی عێراقی بە دەست و چاو بەستراوی دۆزرانەوە

دەیان گەنجی عێراقی بە دەست و چاو بەستراوی دۆزرانەوە
تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو دەکرێتەوە کە تێیدا دەیان گەنجی عێراقی دەردەکەون، لەلایەن گرووپێکەوە دەست و چاویان بەستراوە و ئەشکەنجە دراون.

چالاکوانانی عێراقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بەرفراوانی تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا دەیان گەنج بە دەست و چاو بەستراوی دەردەکەون کە ئەشکەنجە دراون و لەسەر زەوی درێژ کراون.

لە تۆمارە ڤیدیۆکەدا یەکێک لە گەنجەکان ئاشکرای دەکات کە چەکدارێک لە شەوی هەینی لەسەر شەممە ٦ لەسەر ٧ی ١٢ی ٢٠١٩ و لە دوای هێرشەکەی خەلانی و سنک، بانگی کردووە و هەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە، کاتێکیش چووە، چاوی بەستووەتەوە و بە قۆنداخە تفەنگ لێی داوە.

هەر لە ڤیدیۆکەدا دەنگی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەبیسترێ کە بە گەنجێکی دەست بەستراو دەڵێت: “ئێمە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداین، نەترسن ئازادتان دەکەین، ئەوانەی ئێوەیان والێکردووە چەکدارانی حزبوڵا بوون”.

شەوی هەینی لە گۆڕەپانی خەلانی و پردی سنک لە بەغدا، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لە ئەنجامدا لانی کەم ٢٥ کەس کوژران کە چواریان لە هێزە ئەمنییەکان بوون، دەوروبەری ١٢٠ کەسیش بریندار بوون.













باسنيوز
Top