فالح فەیاز: چوار رێنمایی و فەرمانی بۆ چەکدارانی میلیشیاکانی دەرکرد
سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی فەرمانێک لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە، بۆ میلیشیاکان دەردەکات.
لە نووسراوێکدا، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی چوار رێنمایی و فەرمانی بۆ چەکدارانی میلیشیاکانی دەرکردووە، کە بریتین لە:
- بەکارنەهێنانی ئەو ناوانەی قەدەغە کراون و سەرپێچیکار رووبەڕووی لێپرسینەوە و دەرکردن لە ریزەکانی حەشد دەبێت.
- دەبێ پابەن بن بە فەرمانەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەو کەسەی دەرچێ لەو فەرمانانە، بەرپرسیارێتیی یاسایی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ.
- نابێ هیچ میلیشیایەک لەژێر هیچ ناونیشانێک لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندەران بە تایبەتی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، نزیک بێتەوە.
- دەستەی حەشدی شەعبی لێکۆڵینەوەی یاسایی و سزای توند بەسەر ئەو میلیشیایانەدا دەسەپێنێت، کە ئەو سێ بڕیارەی سەرەوە جێبەجێ ناکەن.
ئەو فەرمانانە دوای ئەوە هاتن، کە ئێوارەی رۆژی هەینی 6-12-2019، 300 تا 400 چەکدار، کە دەگوترێ سەر بە میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی بوون، لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر، پردی سەنەک و گۆڕەپانی خەلانی، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 20 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 70ـی دیکە بریندار بوون.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز