ته‌قه‌كه‌ره‌كانی شه‌وی رابردووی به‌غدا ئاشكرابوون

ته‌قه‌كه‌ره‌كانی شه‌وی رابردووی به‌غدا ئاشكرابوون
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ پردی سنه‌ك و مه‌یدانی خه‌لانی به‌غدا ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌رانی عێراقی كرد و 21 كه‌سیان كوشت و زیاتر له‌ 120 كه‌سیان بریندار كرد، سه‌ر به‌ كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراقین كه‌ میلیشیایه‌كی چه‌كداری سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبین و راسته‌وخۆ به‌رپرسیارن له‌و كوشتوبڕه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی پێگه‌ی ئیلێكترۆنی "ئیندیپێندنت عه‌ره‌بی" كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی بینیووه ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌ندامانی حزبوڵڵای عێراقی كه‌ به‌ فه‌رمی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبین و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن و وه‌ك به‌شێك له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق پۆلێنكراون، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ی به‌غدا، چه‌كه‌ مامناوه‌ندی و مووشه‌ك و ئاڕ بی جیییه‌كانیان له‌ باره‌گایه‌كیاندا له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا جێهێشتووه‌ كه‌ له‌و هێرشه‌دا بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كاریانهێنابوو.

به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان، ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌و هێرشه‌دا به‌شدارییان كردووه‌، 300 تا 400 كه‌س بوون.

شایه‌تحاڵه‌كانیش گوتوویانه‌: "هه‌ندێك كه‌سی سڤیل له‌ لایه‌نگرانی سه‌در هه‌وڵیانداوه‌ پارێزگاریی له‌ خۆپیشانده‌ران بكه‌ن. به‌ڵام قه‌یس حه‌زعه‌لی رێبه‌ری عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق كه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ هاوكاریكردنی حزبوڵڵا له‌و ھێرشه‌دا گوتوویه‌تی، لایه‌نگرانی سه‌در له‌و مه‌یدانانه‌دان و چه‌كدارن و پێویسته‌ ناوچه‌كان چۆڵبكه‌ن".

به‌گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌كیش كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌ندامێكی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ ته‌قه‌ی له‌ خۆپیشانده‌رانی پردی سنه‌ك كردووه‌ و كه‌لاشینكۆڤ و ده‌مانچه‌یه‌كی جۆری باریتای پێبووه‌.




K24
Top