لێکۆڵەرێکی عێراقی: پێویستە حەشدی شەعبی هەڵبووەشێندرێتەوە

 لێکۆڵەرێکی عێراقی: پێویستە حەشدی شەعبی هەڵبووەشێندرێتەوە


لێکۆڵەرێکی عێراقی بە پێویستی دەزانێ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵبووەشێندرێنەوە.

لیقا مەککی، لێکۆڵەری عێراقی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەپارێزێن.

لیقا مەککی هەروەها رایگەیاندووە، دوای کوشتنی خۆپیشاندەران، دەرکەوت ئەو میلیشیایانە ”دوژمنی راستەخۆی شۆڕشی عێراقن و هەڵوەشاندنەوەیان پێویستییەکی چارەنووسسازە“.

ئێوارەی رۆژی هەینی 6-12-2019، 300 تا 400 چەکدار، کە دەگوترێ سەر بە حزبوڵڵای عێراقی بوون، لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر، پردی سەنەک و گۆڕەپانی خەلانی، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 20 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 70ـی دیکە بریندار بوون.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.





باسنیوز
Top