ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا گەیشتە 19 کەس
هێزە ئەمنییەکان ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارییە ناناسن، کە چوەتە سەر خۆپیشاندەران لە نزیک گۆرەپانی تەحریر و تەقەی لە مانگرتوانی گۆڕەپانەکە کردوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندوە، بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان و هێزە ئەمنییەکان ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی دوێنی بەغدا بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارییە ناناسن، کە چوەتە سەر خۆپیشاندەران لە نزیک گۆرەپانی تەحریر و تەقەی لە مانگرتوانی گۆڕەپانەکە کردوە.
لە 25ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن، تا ئێستاش بەهۆی گوللەی هێزە ئەمنییەکان و گروپە نەناسراوەکانەوە نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژراون.
29ی مانگی رابردو عادل عەبدولمەهدی لەوەڵامی پەیامەکەی عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە و یەکی ئەم مانگەش دەستلەکارکێشانەوەکە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا.
پێویستە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق خۆیاندا یەکلابکرێتەوە
بە گوێرەی وتاری دوێنێی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، پێویستە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق خۆیاندا یەکلابکرێتەوە و نابێت وڵاتان دەستوەردان لەو بابەتەدا بکەن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رۆڵی سەرەکی ئێران لە یەکلایکردنەوەی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی عێراقدا ناودەبرێت.
خەندان