دۆخی بەغدا ئاڵۆز دەبێتەوە

 دۆخی بەغدا ئاڵۆز دەبێتەوە
ئەمشەوی هەینی جارێكی تر دۆخی بەغدا ئاڵۆز بووەوە و چەكدارانی نەناسراو تەقەیان بە ناو خۆپێشاندەراندا كردووە، بە پێی میدیاكانی عێراق زیاتر لە 10 كەس كوژراون و 40 كەسیش بریندارن.


میدیاكانی ئەم وڵاتە ئاماژەیان بەوە داوە كە هێشتا دڵنیا نین لەوەی هێزە ئەمنیەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە یان چەكدارانی سەر بە میلیشیاكانی بەغدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دوێنی بە سەدان ئەندامی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نێردرانە ناو ڕیزەكانی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و لە پشتەوە چەقۆیان لە زیاتر لە بیست خۆپێشاندەر دابوو.


لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە كە لە ئەنجامی تەقەكردن لە خۆپێشاندەران لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە، لە مەیدانی خەللانیی نزیك پردی سەنەكی شاری بەغدا چەندین خۆپێشاندەر كوژراون و بریندار بوون.


شاهێدحاڵەكانی تەقەكردنەكەش دەڵێن كە هاوكات لەگەڵ دەستڕێژی گوللەكە، كارەبای مەیدانی خەللانییش بڕاوە.


جێی باسە لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە خۆپێشاندان لە بەغدا و بەسرە و شارەكانی تری باشووری عێراق دەستی پێكردووە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 450 كەس كوژران و بە دەیان هەزاریش بریندار بوون، ئەمەش لە كاتێكدایە بەر لە هەفتەیەك بە هۆی خۆپێشاندانەكانەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە دەستی لەكار كێشاوەتەوە، بەڵام وەك دەردەكەوێ، دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران، لە گەرموگوڕی خۆپێشاندەرانی ناڕازی كەم نەكردووەتەوە.







باسنيوز
Top