مەرجەعێکی شیعە مەرجەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-12-2019، قاسم تائی، مەرجەعێکی شیعەکانی عێرا لە بەیاننامەیەکدا، مەرجەکانی بڵاو کردووەتەوە.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
مەرجەکانی ئەو مەرجەعە شیعەیە:
- کوڕی دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
- سەر بە عەشیرەتێکی عەرەبی بێت.
- رەگەزنامەی هیچ وڵاتێکی دیکەی نەبێت.
- تەمەنی لە 50 ساڵ گەورەتر بێت.
- لانی کەم 20 ساڵ خزمەتی لە حکوومەت و دەوڵەتی عێراق هەبێت.
- خاوەن ناوبانگ و کەسایەتییەکی باش بێت.
- رۆشنبیر بێت.
- کەسێکی ریزلێگیراو بێ لە عەشیرەتەکەی.
- لانی کەم هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت.
- خاوەن داراییەکی گونجاو بێ لەگەڵ پێگە کۆمەڵایەتییەکەی.
- نە هەژار بێ، نە لەژێر هێڵی هەژاری بێ و نە زۆر دەوڵەمەند بێت.
-دەبێ لانی کەم 10 شێخی عەشیرەتە رەسەنەکانی عەرەب پاکانەی بۆ بکەن.
- تاوانبار نەبووبێ و زیندانی نەکرابێ بەهۆی تاوان و کەتن.
- سەر بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەبێ.
- خۆشەویستیی بۆ عێراق هەبێ و لەگەڵ خەڵکەکەی نەرم و نیان بێت.
- راستگۆ بێ لە کارەکانی.
- لە سیاسەت تێبگا.
- کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت.
- ئازا و بە جەرگ بێت.
- خاوەن ورەیەکی پۆڵاین بێت.
- خەڵکی هەر کوێی عێراق بێ گرنگ نییە.
- سەر بە هەر مەزهەبێک بێت گرنگ نییە.
باسنيوز