شەش کەس خۆیان بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی کاندید دەکەن
شەش سەرکردە و کەسایەتیی عێراقی خۆیا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامن لە کۆبوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆوەرگرتنی پۆستیسەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئەو میدیایانە باس لەوە دەکەن، کە شەش کەس کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، کە پێکهاتوون لە:
- ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم، کاندیدی میلیشیای بەدر و رەوتی حیکمە
- فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، کاندیدی ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی
- عەدنان زەرفی، کاندیدی هاوپەیمانیی نەسر، کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات
- عەلی شوکری، کاندیدی بەرهەم ساڵح
- قوسەی سوهێل، کاندیدی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات
- فالح فەیاز، کاندیدی کوتلەی عەتا
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز