عادل عەبدولمەهدی: لەڕووی یاساییەوە ناتوانین پرۆژەیاسای بودجە بنێرینە پەرلەمان

عادل عەبدولمەهدی: لەڕووی یاساییەوە ناتوانین پرۆژەیاسای بودجە بنێرینە پەرلەمان
سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق هۆكاری دواکەوتنی ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی ناودەبات و دەڵێت، حکومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێ‌ پرۆژەیاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكات.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەو لە میانی دانیشتنەکەدا عادل عەبدولمەهدی گوتی، "دەستلەكاركێشانەوەی من یەكێكە لە چارەسەرەكان بۆ قەیرانی ئێستا و ئارامكردنەوەی شەقام لەسەر داوای مەرجەعییەت، قبوڵنەكردنیشی وڵاتی رووبەڕووی قەیرانێكی دیكە دەكردەوە".

هەروەها گوتی، "دەبوایە لە مانگی 10ی رابردوودا بودجەمان پێشكەشكردبایە، ئێستاش لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ تەواوكردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجە، بەڵام نیشانەی پرسیاری زۆر هەن، بەو پێیەی حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت‌ پڕۆژەیاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكات و ئەوەش مافی ئێمە نییە".

سەبارەت بە دواخستنی دەستلەكاركێشانەوەكەش، عەبدولمەهدی گوتی "لەكاتی بوونی قەیراندا نابێت فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان واز لە وڵات بێنێت، ئەگەر پەناشمان بردبایە بەر بژاردەی دیكە، ئێستا وڵات رووبەڕووی مەترسییەكی گەورەتر دەبووەوە".

بەگوتەی عەبدولمەهدی، "خۆپێشاندانەكان قەیرانی زۆری لە وڵات دروستکرد و هەموویانی هۆشیاركردەوە كە چەند هاوكێشەیەكی داخراو هەن و پێشتر چەندینجار هۆشداریمان لەبارەیانەوە داوە، بەڵام كەس گوێی پێنەدا، جیدییەت لەلایەن هێزە سیاسیەكان نەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە، لەوانە بەشبەشێنە و هی دیكە، خۆپێشاندانەكان رووداوێكی گرنگن و زۆرێك لە نەرێنییەكانی راماڵی و هێزێكی دیكەی بەرەو چاكسازی بە حكومەت بەخشی".

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق باس لە ناردنی حیساباتی کۆتایی بۆ پەرلەمان دەکات و دەڵێت: "لە رۆژی دامەزراندنی كۆماری عێراقەوە تاوەكو ئێستا حیساباتی كۆتایی نەنێردراوەتە پەرلەمان، ئێمەش بۆ یەكەمجار كار لەسەر ناردنی حیساباتی كۆتایی بۆ پەرلەمان دەكەین، ئەو حیساباتانەش تەنیا پەیوەست نین بە ئەمساڵ بەڵكو پەیوەستن بە چەند ساڵی رابردوو، بەتایبەتی ساڵی 2012. بێ ئەو حیساباتانەش ناتواندرێت لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ كەسێك بكرێت".

دوای دوومانگ لە خۆپێشاندانی بەغدا و پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق و دوای گوتاری مەرجەعیەت لە رۆژی هەینی 29-11-2019 سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی 1-12-2019 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسندی کرد.
Top