دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە گوایە پێنج فریشتەی گۆڕی حەکیم تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە

دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە گوایە پێنج فریشتەی گۆڕی حەکیم تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چالاکوانانی عێراق و خۆپیشاندەران وێنەیەکی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیان بڵاو کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوتوویەتی، پێنج فریشتەی سەر گۆڕی زانایەکی ئاینیی عێراقی، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

لە وێنەکەدا لیوا روکن عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەردەکەوێت کە لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمیی عێراق، رایگەیاندووە، فریشتەکان بەرگرییان لە گۆڕی محەمەد باقر حەکیم، زانای بەناوبانگی شیعەکان، کردووە.

هەر بەپێی وێنەکە، لیوا روکن عەبدولکەریم خەلەف رەتی کردووەتەوە کارمەندانی ئەمنی و سەربازانی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبێ و رایگەیاندووە، ”پێنج فریشتە بە رووخسار داپۆشراوی لە گۆڕەکەی حەکیم هاتوونەتە دەرەوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە“.

لە بەرامبەردا چەندان تۆماری ڤیدیۆیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بڵاو کراونەتەوە کە بە توانجەوە باس لەو بابەتە دەکەن و لە یەکێک لە تۆمارە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە کەسێک لەوانەی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، دەگرن و دەڵێن فریشتەیەکیان لە بەرگی دشداشەی عەرەبیدا گرتووە.

شەوی شەممە 30-11-2019، خۆپیشاندەرانی عێراقی بەشێک لە مەزاری محەمەد باقر حەکیمیان لە نەجەف سووتاند و دواتریش هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.













باسنيوز
Top