نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا: هەرێمی کوردستان پشت و پەنای ئێمەیە
پارێزگاری نوێی نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان پشت و پەنای ئیدارە و خەڵکی پارێزگای نەینەوایە.
رۆژی یەکشەممە 24-11-2019، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە دەنگی 23 ئەندام لەکۆی 39 ئەندام، فەریق روکن نەجم جبوری بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژارد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4-12-2019، نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا لە پرێس کۆنفڕاسێکدا رایگەیاند، بەهۆی ”ئەو هەڵانەی“ پێش 2014 لە مووسڵ ئەنجام دران، رێکخراوی تیرۆریستی داعش مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوای داگیر کرد.
نەجم جبوری ئاماژەی بە گەڕانەوەی خەندە بۆ سەر لێوی هاووڵاتییانی نەینەوا کرد و دڵنیایی دا لەوەی هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی، بەردەوام ئامادەن نەینەوا بپارێزن.
لەبارەی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵک و ئیدارەی نەینەوا، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، ”هەرێمی کوردستان پشت و پەنای ئێمەیە“.
بەهۆی گوشارە تائیفییەکان و داگیرکردنی نەینەوا لەلایەن داعش، نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی سنووری نەینەوا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای پێشێڵکردنی مافەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق و نەناردنی بودجە بۆی، خەرجیی و ژیانی ئاوارەکانی لەئەستۆ گرت.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز