حزبوڵڵای لوبنانی بەدوای جێگرەوەیەک بۆ عەبدولمەهدی دەگەڕێت
میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی بەدوای جێگرەوەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی عێراقدا دەگەڕێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، محەمەد کەوسەرانی، بەرپرسی کەیسی عێراق لە حزبوڵڵای لوبنانی چەندین گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننەکانی عێراق ئەنجام داوە.
محەمەد کەوسەرانی هەوڵ دەدات کەسایەتییەکی نزیک لە سیاسەتەکانی حزبەکەی، کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئەو هەوڵانەی حزبوڵڵای لوبنانی لەکاتێک دایە، کە ماوەی یەک مانگە سەعد حەریریی سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران دەستی لەکار کێشاوەتەوە و تا ئێستا لایەنە لوبنانییەکان نەگەیشتوونەتە چارەسەر بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی حەریری.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەبی لوبنان دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش بەردەوام رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
باسنیوڤ