هاوپەیمانییەکەی سەدر دەست لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەردەدات

هاوپەیمانییەکەی سەدر دەست لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەردەدات
هاوپەیمانییەکەی رێبەری رەوتی سەدر دەست لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەردەدات.

سادق سلیتی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون (موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات)، بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، شاندێکی هاوپەیمانییەکە ئەمڕۆ سێشەممە 3-12-2019، لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆ بووەتەوە.

سادق سلیتی هەروەها رایگەیاندووە، سائیرون بە فەرمی دەستبەرداربوونی خۆی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیاندووەتە سەرۆک کۆمار.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018، سائیرون بە بەدەستهێنانی 54 کورسی، بووە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی عێراق و بەپێی دەستووری وڵاتیش، گەورەترین کوتلە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری دەکات.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.












باسنيوز
Top