فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، دیارترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی عێراقی دەبێتە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی.
حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق)، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، دیارترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی (تەمەن 56 ساڵ)، پێشتر فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بوو و بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتی عێراق، لە پۆستەکەی لادرا و گوازرایەوە ناو وەزارەتی بەرگری.
حەنین قەدۆ هەروەها رایگەیاندووە، زۆرینەی کوتلە شیعییەکان پشتگیریی ئەو فەرماندە سەربازییە دەکەن بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز