دۆخی عێراق جموجۆڵی داعشی لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر کردووە
شەش گوندی خانەقین لەبەر داعش چۆڵکراون. ئەو گوندانەیشی خەڵکەکەی چۆڵیاننەکردوون، ئەوانیش لە ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوامدان.
ئەحمەد غەیدان، دانیشتووی گوندی باوەپڵاویە دەڵێت "ئێمە نزیکەی 70 ماڵ بووین. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە وایلێهاتووە بووتە 20 ماڵ. ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. بەڵام سوپاس بۆ خوا پێشمەرگە لێرەن، ئەگەر ئەوان لێرە نەبوونایە، ئەو 20 ماڵەیش چۆڵیاندەکرد".
محهممهد جهبار، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی باوەپڵاویەیە و لەبارەی دۆخی گوندەکەیانەوە دەڵێت "دۆخی گوندنشینان زۆر خراپە. لە 70 ماڵ تەنیا ژمارەیەکی کەم ماون. داعش لەم ناوە بەهێزبووەتەوە و شەوانە دەنگی تەقەیان دەبیسترێت".
چەکدارانی داعش لە سنووری نەفتخانە، گوڵاڵه، ئیمام وهیس و نەوجوول بەسەر هێزێکی عێراقییاندا داوە و سەربازێک و پێنج چەکداری حەشدی شەعبییان کوشتووە، 15ی دیکەشیان بریندارکردوون.
زۆربوونی جوڵهی داعش وایكردوه پێشمهرگهكانی ئهو سنووره بكهونه دۆخی ئامادهباشییهوه.
عهمید دلێر شكور، فهرماندهی لیوای سێی پیاده راگەیاند "ئێستا داعش لە مەفرەزە تێپەڕیوە و بووە بە هێز و خۆی رێکخستووەتەوە. هەموو ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقییە، چونکە ئەو شوێنانە ناوچەی ئەمنیی فراوانن و نە دەهێڵێت ئێمە بچین بیانپارێزین، نە خۆشیان پێیان دەپارێزرێت. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئەو شوێنانەی ئامادەییان هەیە، مەتەرێزیان سازکردووە و سەنگەریان لێداوە".
بهپێی زانیاریی ههواڵگریی هێزهكانی پێشمهرگه، داعش له ماوهی 15 رۆژی ڕابردوودا 30 چهكداری مهشقپێكراوی به سهرپهرشتیی ئهمیرێكی بیانی ناردووەته سنووری خانهقین، گوڵاڵه، قهرهتهپه و كوڵهجۆ و نەخشەیان بۆ هێرشكردنه سهر سوپا و هێزهكانی سنوورهكه داڕشتووه.
موقهدهم ئهحمهد موستهفا، ئەفسەر لە ههواڵگریی هێزهكانی پێشمهرگه ئاماژە بەوە دەکات "ئەوەی بەپێی سەرچاوەکانمان گەیشتووەتە دەستمان، داعش دوو کەتیبەی سەرەکییان لە ناوچەکەدا هەیە بە ناوەکانی عومەر و عوسمان و خەڵکی نوێی مەشقپێکراویان بۆ هاتووە".
بهپێی زانیاریی ههواڵگریی هێزهكانی سوپای عێراق و پۆلیسی نههێشتنی تاوان، ژمارەی چەکدارانی داعش له دیالەوە تاوەكو پارێزگای سهلاحهدین و كهركووک ژمارهیان 1500 چهكداری تێپهڕاندووه.
لە دیوی رۆژئاوای چیای قەرەچووخ و دەشتی قەراجی مەخمووریش کە ناوچەیەکی ستراتیژییە و سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدین پێکەوە دەبەستێتەوە، بەو هۆیەوە فڕۆکە جەنگییەکان بۆ چاودێریکردنی جوڵەی چەکدارانی داعش بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
دەستی داعش لە ناوچەکەدا زاڵە و زیاتر لە 40 گوند چۆڵکراون کە زۆربەیان کوردنشینن.
لە ساڵی 2018 ـەوە تاوەکو ئێستا هاوپەیمانان بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە زیاتر لە 150 جار بنکە و حەشارگەکانی داعشیان لەم ناوچەیە بۆردوومانکردووە.
داعش سوودی لەو ناوچە چۆڵانە بینیوە کە کەوتوونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە. زانیارییە سەربازییەکان ئەوە ئاشکرادەکەن، تاوەکو دێت چەکدارە جێماوەکانی داعش خۆیان رێکدەخەنەوە بۆئەوەی لە تێکچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراقدا دەستی خۆیان زیاتر بوەشێنن.
کورد گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تاکە چارەسەر بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە دابڕێندراوەکان دادەنێت.
زریان ئیسماعیل، فەرماندە لە میحوەری شەشی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور راگەیاند "ئێستا داعش تەماشای رووداوەکانی عێراق دەکەن بۆئەوەی بزانن بە کوێ دەگەن. لەوانەیە ئەگەر دۆخەکە لەوێ خراپتر ببێت، داعش بێنەوە".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت "بەربەست نییە و ناوچەکە هەمووی بەرەڵایە، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دێن و دەچن. دوایین چارەسەر ئەوەیە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکرێت بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ئەو سنوورانە بگیردرێنەوە".
جموجۆڵی داعش وایکردووە دانیشتووانی زیاتر لە 40 گوندی دەشتی قەراج و رۆژئاوای چیای قەرەچووخ گوندەکانییان چۆڵبکەن کە زۆربەیان کوردنشینن.