هاوپەیمانی سائیرون: بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین

هاوپەیمانی سائیرون: بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین
هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند: بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكان بۆ دانان و دیاریكردنی شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی ناكەین، دەشڵێن ئەو بابەتە پەیوەندی بە خۆپیشاندەرانەوە هەیەو مافی گەلە.

بەدر ئەلزیادی، ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئەمشەو رایگەیاند،"هاوپەیمانی سائیرون وەكو گەورەترین كوتلەی سیاسی پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی 55 كورسیە، دەستبەرداری مافی خۆمان بوین بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران".

وتیشی،"ئەو مافەمان داوەتە دەست گەل كە كەسێك دیاری بكەن و ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین و بەگوێرەی رێكاو مەرجەكان پەسەندی دەكەین".

لەلایەكی دیكەشەوە هاوپەیمانی سائیرون لە راگەیەندراوێكدا رەتیكردەوە بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكات بەمەبەستی جێگرەوەیەك بۆ عادل عەبدولمەهدی و رایگەیاند،"ئەوە مافی گەلەو تایبەتە بە خۆپیشاندەران".

رۆژی هەینی 30/11/2019 لەوەڵامی عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیەكی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق كرد.

عەبدولمەهدی لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسیویەتی،"بە وردی گوێم لە وتارەكەی مەرجەعی باڵا گرت سەبارەت بە پێداچونەوە بە دۆخی نائاسایی و ئاڵۆزی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا بەرونی دیارە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێدەسەڵات بون لەئاست مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و پاراستنی مافی هاوڵاتیان و رژانی خوێنیان".

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرد، هاوکات داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکات.








خەندان
Top