قوتابییانی زانکۆی مووسڵ ماتەم بۆ خۆپیشاندەرانی نەجەف و ناسریە دەگێڕن
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-12-2019، قوتابییانی زانکۆی مووسڵ گردبوونەوەیەکیان بۆ نیشاندانی هاوسۆزیی خۆیان بۆ کەسوکاری خۆپیشاندەرانی کوژراوی نەجەف و ناسریە، ساز کرد.
بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان هاووڵاتیی هەردوو شاری نەجەف و ناسریە کوژران و بریندار بوون.
ئەگەرچی مووسڵ بە تەواوی وێرانە و دوای رزگارکردنەوەی لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین نەکراوە، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو شارە نەیانتوانی هاوشێوەی شارەکانی باشووری عێراق خۆپیشاندان بکەن و داوای خزمەتگوزاری بکەن.
سەرکردە سوننەکان پێیان وایە هاووڵاتییانی مووسڵ لەترسی تۆمەتبارکردنیان بە داعشبوون و کوشتنیان لەلایەن میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی حەشدی شەعبی، بەشداریی خۆپیشاندانەکانی عێراقیان نەکردووە.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز