هەوڵی لەکار لادانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەدرێ

 هەوڵی لەکار لادانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەدرێ


خۆپیشاندەرانی عێراق سوورن لەسەر دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کوتلەکانی پەرلەمان دەستیان بە گفتوگۆکانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواکانی خۆپیشاندەرانی وڵات.

یەکێک لە داواکانی خۆپیشاندەران، دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی وڵاتەکەیان و زەمینەخۆشکردنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتەکەیان.

محەمەد بەلداوی هەروەها رایگەیاندووە، هەنگاوی دوای پەسەندکردنی نامەی دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران، لادانی سەرۆک کۆمار لە پۆستەکەی و پێکهێنانی حکوومەتی کاتی و دواتریش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 1-12-2019، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی لەباری بارەدۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکان و پرسی دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، ساز بکات.

رۆژی 29-11-2019، عادل عەبدولمەهدی دوای وتاری هەینی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، نامەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڵاو کردەوە.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.



باسنیوز
Top