سووتاندنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە نەجەف کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
هیچ کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی بەردەم کۆنسوڵخانەکەدا گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام نزیکەی 150 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران برینداربوونە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تووندی ناڕەزایەتیی خۆی لە هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی دایە باڵیۆزی عێراق لە تاران.
بۆ کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی خۆپیشاندەران و رەوشەکە، پارێزگاری نەجەف قەدەخەی هاتووچۆی لە شارەکەدا راگەیاندووە و هەروەها رۆژی پێنجشەممە 28-11-2019ی لە پارێزگاکە کردووەتە پشووی فەرمی.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەر لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، هاوکات پێنج نوێنەرایەتیی دیکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە کە ئەمانەن:
- باڵیۆزخانە لە بەغدا
- کۆنسوڵخانە لە هەولێر
- کۆنسوڵخانە لە بەسەرە
- کۆنسوڵخانە لە کەربەلا
- کۆنسوڵخانە لە نەجەف
- کۆنسوڵخانە لە سلێمانی
هەر زوو لەدوای سووتاندنی کۆنسوڵخانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی سووتاندنی کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە نەجەف کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێرشی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران هێرشکردنەسەر ئەو پەیوەندییە مێژووییە بوو کە عێراق لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەدا دروستیکردووە.
ئەمە یەکەمینجار نییە کە خۆپیشاندەرانی عێراق هێرشدەکەنەسەر نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە وڵاتەکەیان. هەر لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا خۆپیشاندەرانی کەربەلا هێرشیانکردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران و سووتاندیان. دواتریش ئاڵای عێراقیان لەسەر کۆنسوڵخانەکە هەڵکرد و لەسەریان نووسی "بە فەرمانی گەل ئەم کۆنسوڵخانەیە داخرا".
هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2018شدا خۆپیشاندەران لە بەسرە هێرشیان کردەسەر کۆنسوڵخانەی ئێران و سووتاندیان.