لە نەجەف مانگرتنی گشتی راگەیەندرا

 لە نەجەف مانگرتنی گشتی راگەیەندرا


لە شاری نەجەف، هاووڵاتییان مانگرتنی گشتییان راگەیاند و زۆرینەی فەرمانگەکانی شارەکە داخران.

دوای سووتاندنی کونسوڵخانەی گشتیی ئێران لە نەجەف، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بە چڕی لە شەقام و کۆڵانەکانی نەجەف بڵاو بوونەتەوە و زیاتر لە 100 خۆپیشاندەریش لەکاتی سووتاندنەکە، بە هۆی بەکارهێنانی توندوتیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، بریندار بوون.

لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف بڕیاری راگرتنی دەوامی فەمی لە هەموو فەرمانگەکانی پارێزگاکەی جگە لەفەرمانگە ئەمنی، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، داوە.

هەروەها هەموو خاوەن دوکانەکانی نەجەف دوکانکانیان داخستووە و مانگرتنی گشتییان لە شارەکەیان لەژێر ناوی ”وەرگرتنەوەی متمانە لە حکوومەت و حزبەکان“، راگەیاندووە.

شەوی چوارشەممە 27-11-2019، خۆپشاندەرانی شاری نەجەف، کونسوڵخانەی گشتیی ئێرانیان لە شارەکەیان سووتاند و زیانێکی زۆری ماددیان پێ گەیاند.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.




باسنيوز
Top