حەشدی شەعبی دەنگۆی بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی سیستانی بڵاو دەکاتەوە
هەر شەوی ڕابردوو، قەیس خزعەلی، سەرکردەی میلیشیاکانی عەسایب ئەهلی حەق کە بەشێکن لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە تویتێکدا رای گەیاند، هەر کەسێک پێیوایە کە دەتوانێت دەست لە شتێکی سیستانی بدات، ئەوە خەیاڵ دەکات.
هاوکات میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە قەیس خزعەلی بە هێزێکی زۆر و بە شێوەیەکی لەناکاو چووەتە نەجەف و بڕیاری داوە تاوەکوو ڕەوینەوەی مەترسییەکان لەسەر ژیانی سیستانی، لەم شارەدا بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرجەم هێزەکانی حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانی مەرجەعیەتی باڵادان و “ئەو دەستە دەبڕین کە دەیەوێت لە سیستانی نزیک بکەوێتەوە”.
میدیاکانی عێراق دەڵێن، هەر شەوی ڕابردوو، ئەبو ئالا ئەلوەلائی، سەرکردەی میلیشیای (سەیدول شوهەدا) بە هێزێکەوە گەیشتووەتە نەجەف.
لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەدا، عەلی وەجی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقی لە نەجەف، بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕەتی کردووەتەوە خۆپیشاندەران نیازێکیان هەبێت لە مەرجەعیەتی ئایینی نزیک بکەونەوە.
باسنيوز