حکوومەتی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران دەردەکات
وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، دەردەکات.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2019 دەری کردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێی وایە سووتاندنی کونسوڵخانەی گشتیی ئێرن لە نەجەف هەوڵێکە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ”بە توندترین شێوە“ سەرکۆنەی سووتاندنی کونسوڵخانەکە دەکات و رایگەیاندووە، ”کەسانی غەریب“ کونسوڵخانەکەیان سووتاندووە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هۆشداریی پێشوەختەی حکوومەتەکەی لە تێکدانی رێڕەو و ئامانجی خۆپیشاندانەکان کردووە و رایگەیاندووە، ئەوانەی کونسوڵخانەی ئێرانیان سووتاندووە ”ئەجێندای نانیشتمانی“یان هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کردووە ئاگادار بن و رێگا نەدەن ”کەسانی گومانلێکراو“ بچنە پاڵیان، کە ”ئامانجیان شێواندنی ناوبانگی خۆپیشاندەرانە“.
شەوی چوارشەممە 27-11-2019، خۆپشاندەرانی شاری نەجەف، کونسوڵخانەی گشتیی ئێرانیان لە شارەکەیان سووتاند و زیانێکی زۆری ماددیان پێ گەیاند.
پێشتریش لە شەوی یەکشەممە 3-11-2019، خۆپیشاندەرانی کەربەلا لە باشووری عێراق، دژی دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان، هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکەیان و سووتاندیان.
باسنيوز