چەکدارانی نەناسراو شێخێکی عەشائیری لە بەسرە دەکوژن
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەسرە رایگەیاندووە، دوو چەکدار بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە، دەستڕێژی تەقەیان لە شێخ حەیدەر عەبدولئەمیر ئەلاملکی، یەکێک لە شێخ و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی بەنی مالک کردووە.
رووداوی دەستڕێژی تەقە لە شێخ حەیدەر عەبدولئەمیر ئەلمالکی لە شارۆچکەت خەسیب لە سنووری بەسرە رووی داوە و بووەتە هۆی کوژرانی.
تا ئێستا نازاندرێ رووداوەکە پەیوەندیی بە خۆپیشاندانەکانی بەسرەوە هەیە یان نا، چونکە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، ناوبەناو چالاکوان و کەسایەتییەکانی بەسرە تیرۆر دەکرێن.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی توندڕەو، تاوانکاری و تیرۆریستی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە، کە بە ئارەزووی خۆیان و بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکەن، کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
باسنيوز