عەبدولمەهدی: دوو رێگامان لەبەردەمە و ئێمە یەکەم هەڵدەبژێرین

 عەبدولمەهدی: دوو رێگامان لەبەردەمە و ئێمە یەکەم هەڵدەبژێرین
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە رەوشی عێراق بەرەو دوو رێگا دەڕوا و ئەوان ئەوەی یەکەم هەڵدەژێرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27-11-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند، خۆپیشاندان و کەوتنەوەی توندوتیژی لە هەموو وڵاتان روو دەدات.

عادل عەبدولمەهدی هەروەها رایگەیاند، کە هیچ هێزێکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران رانەسپاردووە و بەپێویستیشی زانی خۆپیشاندەران دووربکەونەوە لە سووتاندنی تایە و گرتنی رێگاکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەتی لە ئازادکردنی 500 خۆپیشاندەری دەستگیرکراو کردەوە و رایگەیاند، ئێستا 240 خۆپیشاندەر لە گرتووخانەکان و بنکەکانی پۆلیس دەستگیر کراون و هێشتا ئازاد نەکراون.

عادل عەبدولمەهدی داوای لە دەزگای دادەریی وڵاتەکەی کرد بە زووترین کات و بەپێی یاسای مەدەنی، لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان بکەن و ئەگەر هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابێ، ئازادیان بکەن.

عەبدولمەهدی لەبارەی رفاندنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان، رایگەیاند، نابێ کەس بڕفێندرێ و ناشبێ هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خۆپیشاندەران دەستگیر بکەن و لە بەرامبەردا دەبێ خۆپیشاندەران زیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و موڵکی هاووڵاتییان نەگەیەنن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەو کردەوە، کە عێراق دوو رێگای لەبەردەمە، یەکەم بریتییە لە ئاساییبوونەوەی بارودۆخ و گرتنەبەری چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و خۆپیشاندانەکان و رێگای دووەمیش بریتییە لە ئاڵۆزترکردنی رەوشی وڵات و مەترسی دروستکردن لەسەر ئایندە و سەقامگیریی عێراق.

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە حکوومەتەکەی رێگای یەکەم هەڵدەبژێرێت و کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن.






باسنیووز
Top