لە بەغدا و کەربەلا دوو خۆپیشاندەر کوژران

لە بەغدا و کەربەلا دوو خۆپیشاندەر کوژران
لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو بەهۆیەوە دوو خۆپیشاندەر کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەغدا بەهۆی پێکدادانەکان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، خۆپیشاندەرێک کوژرا.

لە کەربەلاش بەهەمانشێوە پێکدادان لەنێوان هێزەئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا و بەهۆیەوە خۆپێشاندەرێک کوژرا و دەیانی دیکە برینداربوون.

خۆپیشاندانەکان لەنەجەف بەردەوامە و چەندین شەقام داخراون، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی نەجەف لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە هیچ باڵەخانە و دامەزراوەکی حکومی و خوێندن لە پارێزگاکە سووتێندرابێت، بەڵکو ئەو ئاگرەی هەبووە بەهۆی سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل بووە لە هەندێک شەقامدا.

هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری زیقار لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای زیقار رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پشووی فەرمییە.

ئەحمەد مەنفی، پارێزگاری موسەننا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رێگریکردن لە هەندێک کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، بڕیاریانداوە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بکرێتە پشووی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و قوتابخانەکانی پارێزگاکە.

لای خۆیەوە لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق داوای لە عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد بێتە پەرلەمان و روونکردنەوە بدات لەبارەی خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی ئەوەی لە پارێزگای زیقار روودەدات.
Top