محەممەد حەلبووسی: پاڵپشتیی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تاک دەکەم

 محەممەد حەلبووسی: پاڵپشتیی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تاک دەکەم
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پاڵپشتیی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تاک دەکات نەک لەسەر بنەمای لیست لەگەڵ پێدانی تایبەتمەندی بە چەند پارێزگایەک بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی کە ئاوارەکان بۆیان نەگەڕاونەتەوە.

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان رایگەیاند، رەوشی ئێستا ناچاریان دەکات بەرژەوەندی هیچ حیزبێك لەبەرچاونەگرن ''چونکە ئێمە لە پێشی پرسی نیشتمانین''.

محەممەد حەلبووسی دەڵێت، دەبێت کار بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بکەین لە نێوان شەقامی عێراقی و پرۆسەی سیاسی و گرنگە بەردەوام بین بۆ دەرکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.

بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەو پرۆژەیاسایەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە ئێستا خراوەتەڕوو 50%ی لیسی تاکن و 50% کەی دیکەشی لیستی هەڵبژاردنەکانن لەگەڵ پێدانی تایبەتمەندی بە چەند پارێزگایەک بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی کە داعش داگیریکردن و ئاوارەکان هێشتا بۆیان نەگەڕاونەتەوە.

محەممەد حەلبووسی خۆی پاڵپشتیی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تاک دەکات و دەڵێت "بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق و رێژەکە 100% بۆ بەربژێرە تاکەکان بێ و تایبەتمەندیش لەبەرچاوبگرین کە چارەیە بۆ چەند پارێزگایەک".

سەبارەت بە کەمکردنی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە "دەستوور بڕیاردەدات و ئەمە لەو بڕگەیەدا روونە کە باسی ئەوە دەکات هەر براوەیەک نوێنەرایەتی 100 هەزار کەس دەکات و لایەنە سیاسییەکانیش لە لیژنەی هەموارکردنی دەستوور لەگەڵ کەمکردنی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانن بەڕێگەی رێوشوێنە دەستووری و یاساییەکان".

پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 25-11-2019 پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پرۆژەیاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تاوتوێکرد و رایگەیاند: سێشەممە درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، شێروان، میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا سێشەممە کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بە دەستی پەرلەمانتاران نەگەیشتووە".

حکومەتی عێراق هەفتەی رابردوو دیارترین خاڵەکانی پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بەپێی پرۆژەیاساکە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ 251 ئەندام کەمدەکرێتەوە و زۆرترین دەنگ دەکرێتە بنەما بۆ سەرکەوتنی بەربژێر لە هەڵبژاردنەکان و هەر کەسێک تەمەنی 25 ساڵ بێ دەتوانێ لە هەڵبژاردنەکان خۆی بەربژێر بکات و سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکوەزیران و جێگرەکانی و وەزیرەکان و بریکارەکانی وەزارەتەکان و سەرۆکانی دەستە سەربەخۆکان و جێگرەوەکانیان مافی خۆبەربژێکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا نابێ.







رووداو
Top