لێبووردنی نێودەوڵەتی: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئیران گەیشتە 143 کەس
توێژەرانی ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی لەو باوەڕە دان کە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران زیاترە لەو ڕێژەیە و لەسەر ئەو بنەمایەش درێژە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان دەدەن.
ئەو دامەزراوە ناحکوومییە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، وێڕای ئیدانەکردنی بەکارهێنانی چەک و هێزی سەرکوت، ئاشکرای کردووە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی هێزە ئەمنییەکان بووەتە هۆی کوژرانی ئەو ڕێژە زۆرە و ئەمەش کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە بەپێی چەند ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو، هەموو کوژراوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە بووە و تەنیا یەک کەسیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە گیانی لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بەهۆی لێدانی و ئەشکەنجەی زۆر و ئەوانی دیکە بە گوللە کوژراون.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 40 کەس لەو کوژراوانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون هاوکات بە سەدان کەسیش دەستگیر کراون و بەپێی دوایین ئامارەکان لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە چوار هەزار و 800 کەس دەستگیر کراون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون.
لە هەفتەی ڕابردووەوە بۆ ماوەی چوار بەهۆی گرانبوونی بەهای بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزییەکی فراوان سەرتاسەری ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و ئەمەش بەهوی ئاڵۆزی و بە سەدان بانک و ناوەندی ئەمنی سووتێندران و حکوومەتی ئێرانیش بە پچڕانی ئینتەرنێت، خێرا خۆپیشاندانەکانی کۆنترۆڵ کرد و وێرای زیانی گیانی بە بە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی ئابووری بەر کەرتی بانک، بینا حکوومییەکان و ئابووریی ئەو وڵاتە کەوت.
باسنيووز