عەبدولمەهدی بە یاوەریی چەند فەرماندەیەک بەغدای بەجێ هێشت
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 25-11-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە شاری ناسرییەی سەنتەری پارێزگای زیقار.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ژمارەیەک وەزیر و فەرماندەی سەربازیی عێراقی یاوەریی عادل عەبدولمەهدی دەکەن.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، هاووڵاتییانی زیقار زۆرتر لە هەموو شارەکانی دیکە بەجۆشترن و بەردەوام زۆرترین رێژەی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لەو شارە تۆمار دەکرێ.
رۆژی یەکشەممە 24-11-2019، شێخ و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکانی زقار مۆڵەتێکی 48 کاتژمێرییان بە لیوا روکن محەمەد قورەیشی، فەرماندەی پۆلیسی زیقار دا بۆ ئەوەی پۆستەکە و زیقار بە تەواوی، بەجێ بهێڵێت.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس.
باسنيوز