پەرلەمانتارێکی عێراق دەستگیرکرا
ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدا پارێزگاری واست بوە چوار هەزار دۆنم زەوی وەرگرتوە
دەستەی نەزاهەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدا پارێزگاری واست بوە چوار هەزار دۆنم زەوی پارێزگاکە وەرگرتوە، هەڕەشەی لە وەزیرەکان کردوە کە ئەو پارچە زەویانەی بە شێوەیەی یاسایی لە وەزیری پیشەسازی وەرگرتوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکانیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکردوە و هێزەکانیان لە نزیک بارەگای رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەو پەرلەمانتارەیان دەستگیرکردوە.
لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ دادگای تاوانەکانی بابل فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی کەرار عەبادی، پارێزگاری بابل دەرکرد و هاوکات قەدەغەی گەشت و چونە دەرەوەی لە خاکی عێراق لێکرد.
هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک دەرچوە
رۆژی پێنجشەممەش بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک دەرچوە، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچی یاسایی لە گرێبەستەکانی پڕۆژەی کارەکانی بەردەم زانکۆی کەرکوک.
لە ماوەی دو هەفتەی رابردودا لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و پێشوی عێراق دەرچوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.
خەندان