وەزارەتی بەرگریی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی ”ئابڕووچوون“ی وەزیر بڵاو دەکاتەوە
وەزارەتی بەرگریی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی ”ئابڕووچوون“ی وەزیرەکەی بڵاو دەکاتەوە.
لە بەیاننامەکەدا، کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، هەواڵی ئەوەی نەجاح شەممەریی وەزیری بەرگری هاووڵاتییەکی سویدییە و لەوێ بۆ وەرگرتنی مووچەی بیمەی کۆمەڵایەتی بەڵگەی ساختەی بەکار هێناوە، ”هەوڵدانێکی سووکە بۆ شیواندنی ناو و ناوبانگی وەزیر“.
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامە درێژەکەیدا، زانیارییە بڵاوکراوەکانی رەت نەکردووەتەوە، تەنیا رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانە لەلایەن لایەنی سێیەمەوە بۆ خراپترکردن و ئاڵۆزترکردنی نێوان خۆپیشاندەران و حکوومەتی عێراق، بڵاو دەکرێنەوە.
پێشتر کەناڵی (SVT)ـی سویدی لە زاری تۆنی ئەریکسۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، نەجاح شەممەریی وەزیری بەرگریی عێراق هاووڵاتییەکی سویدە و لە ناوچەیەکی دەوروبەری ستۆکهۆڵم دادەنیشێت.
کەناڵەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە نەجاح شەممەری لە سوید لە ساڵی 2009 بە ناوێکی دیکە خۆی ناساندووە و مافی مانەوە (ئیقامە)ی وەرگرتووە و لە ساڵی 2015ش پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.
هەروەها رۆژنامەی (Nyheter Idag)ی ئەو وڵاتە بڵاوی کردبووەوە، کە وەزیری بەرگریی عێراق بەڵگەی ساختەی پێشکەشی حکوومەتی سوید کردووە بۆ وەرگرتنی پارەی سۆشیال.
لە ساڵی 2006ـەوە یاسای عێراقی رێگا بە هاووڵاتییانی دەدا ببنە خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە، بەڵام بەرپرسانی باڵا دەبێ دەستبەرداری رەگەزنامە و پاسپۆرتی دووەم و زیاتر بن.
باسنیوز