وەزارەتی ناوخۆیی عێراق: 10 ئەندامی داعش دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆیی  عێراق: 10 ئەندامی داعش دەستگیرکران
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئاسایشی نەینەوا لەسەر بنەمای کۆمەڵێک زانیاری ورد و هاوکاری هاوڵاتیان توانیویانە 9 تیرۆریست لە موسڵ دەستگیربکەن، هاوکات ئاسایشی دیالەش تیرۆریستێکی دەستگیرکردوە.

لەسەر بنەمای چەند زانیاریەکی ورد و هاوکاری هاوڵاتیانی پارێزگاکە، توانیویانە 9 تیرۆریست لە رۆژئاوای موسڵ دەستگیر بکەن


سەعد مەعن موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە چەند تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "فیرقەی 12ی ئاسایشی فریاکەوتنی سەر بە پارێزگای نەینەوا لەسەر بنەمای چەند زانیاریەکی ورد و هاوکاری هاوڵاتیانی پارێزگاکە، توانیویانە 9 تیرۆریست لە رۆژئاوای موسڵ دەستگیر بکەن".

یەکێک لەو تیرۆرستانە لە سەردەمی داعشدا ئەمینداربوە، دوانی دیکەشیان ژمێریاربون و ئەوانی دیکەش چەکداربون


ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لەو تیرۆرستانە لە سەردەمی خەلافەتی داعشدا ئەمینداربوە، دوانی دیکەشیان ژمێریاربون و ئەوانی دیکەش چەکداربون".

هێزەکانی ئاسایشی دیالە توانیویانە ئەندامێکی دیکەی رێکخراوی چەکداری داعش دەستگیر بکەن، لەدوای لێکۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە، کە پلانی کوشتنی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی هەبوە


سەعد مەعن باسی لەوەشکردوە، هێزەکانی ئاسایشی دیالە توانیویانە ئەندامێکی دیکەی رێکخراوی چەکداری داعش دەستگیر بکەن، لەدوای لێکۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە، کە پلانی کوشتنی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی هەبوە، لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەگژداچونەوەی تیرۆری دیالەوە رێوشوێنی پێویستی بەرامبەر ئەنجامدراوە.

16ی ئەم مانگەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندبو، لە پارێزگای کەرکوک دو فەرماندەی باڵای رێکخراوی داعش کوژراون، هەروەها ئەندامێکی رێکخراوی داعش لە نەینەوا دەستگیرکراوە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لە ساڵی 2017ەوە سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعشدا راگەیاندوە، کە سێ یەکی خاکی عێراقیان خسبوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام تا ئێستاش چەندین شانەی نوستوی رێکخراوەکەیان لە عێراق بونی هەیە، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی وڵات.



خەندان
Top