لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا 7 کەس کوژران و 78 کەسی دیکە برینداربوون

لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا 7 کەس کوژران و 78 کەسی دیکە برینداربوون
جارێکی دیکە گرژی لە خۆپیشاندانەکانی بە‌غدا دروستبوو و بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکانی ئەو شارەش، تەنیا رۆژی پێنجشەممە 7 کەس کوژراون و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و تەندروستیی بەغدا رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-11-2019 تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و بوتڵی پڕ لە گازی فرمێسکڕێژیشیان لە خۆپیشاندەران گرتووە و لە ئەنجامدا 7 کەس کوژراون و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوتەی پۆلیسی بەغدا، کەسێک لە نزیک پردی سینەک کوژراوە و کەسێکی دیکەش لە نزیک پردی ئەحرار کوژراوە. پۆلیس و سەرچاوە تەندروستییەکانی بەغدا ئاماژە بەوەشدەکەن، دواتر دوو کەسی دیکە لە ئەنجامی برینەکانیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا؛ یەکێکیان لە ئەنجامی برینێکی سەری بوو کە فیشەکی بەرکەوتبوو و ئەوی دیکەشیان لە ئەنجامی برینی سەری بوو کە بوتڵی گازی فرمێسکڕێژ بەریکەوتبوو.

سێ کەسەکەی دیکەش لە ئەنجامی تەقەکردن و لە نزیک پردی ئەحرار کوژراون. سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن، زۆرینەی بریندارەکان بەهۆی فیشەک، گوللەی پلاستیکی و بوتڵی پڕ لە گازی فرمێسکڕێژەوە برینداربوون.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تێكدەران بە چەقۆ پەلاماری هێزە ئەمنییەكانیان داوە

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "ئەو دەستدرێژیانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان، كار و كردەوەی تێكدەرانەن".

خالید محنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/11/2019 پۆلیسێك لەلایەن ژمارەیەك لە تێكدەران بە چەقۆ هێرشیكرایەسەر و برینداركرا و بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە. رووداوی هێرشكردنەسەر هێزە ئەمنییەكان زیادیكردووە و لە هەندێك پارێزگاش فەرمانگە حكومییەكان ناچار بەداخستن دەكرێن، هێزە ئەمنییەكان بەپێی توانا هەوڵیانداوە بەریەككەوتن لەگەڵ خۆپیشاندەران روونەدات و تێكدەرانیش لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان دووربخەنەوە".

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق " هێزە ئەمنییەكانیش پاراستنی قوتابخانەكانیان پێسپێردراوە بۆ رێگرتن لە هەڕەشەكردن لە كارگێڕیی قوتابخانەكانەكان و داخستنیان".
Top