بەهۆی گەندەڵییەوە کوڕ و برایەکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەستگیر کران
دوو کەسی نزیکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک کە لە نووسینگەکەی ئەودا کاریان کردووە، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و بە بڕیاری دادگا دەستگیر کران.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ١١ی ٢٠١٩، دوو کەس لە نووسینگەی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستگیر کراون.
لەمبارەیەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) بڵاوی کردەوە کە ئەوانەی دەستگیر کراون، کوڕ و برایەکی راکان جبوورین و لەسەر کەیسی بەهەدەرانی بودجەی و پارەی گشتی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە کە ئەوانیش ناویان قوتەیبە راکان جبووری و فەرحان سەعید جبوورییە.
پێشتر دیلان غەفوور، ئەندامی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سکاڵای لە دژی کوڕ و براکەی راکان جبووری تۆمار کردبوو و لەسەر کەیسەکەش ٦ کەس دەستگیر کرابوون.
لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە بەڵگەکانی ئەم کەیسە بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوت، نووسینگەی راکان جبووری سەدان ملیۆن دیناری عێراقی بەناوی کڕینی کەباب لە بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە ئاوەدانکردنەوەکانی دەستی داعش خەرج کردووە.
راکان جبووری تاوەکوو خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە بەهۆیەوە کەرکووک و ناوچەیەکی زۆری کوردستان کەوتنە دەست میلیشیا و هێزەکانی عێراق، جێگری پارێزگاری کەرکووک بوو بۆ چەند کارێک کە گرنگترینیان دەستنیشانکردنی نرخی موەلیدە بوو، بەڵام لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بووەتە پارێزگارێکی سەپێندراوی کەرکووک و لەم ماوەیەدا سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەعەرەبکردن لە دژی کوردستان جێبەجێ دەکات.
باسنیوز