پەرلەمانی عێراق ئیمتیازاتی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە
ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە دانیشتنەکەی نیوەشەوی سێشەممە ١٩ی ١١ی ٢٠١٩، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی سەرجەم بەرپرسانی دەوڵەتی عێراقی پەسەند کردووە.
لەمبارەیەوە کەناڵی (ئەلعەرەبییە) بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم یاسایەدا ئیمتیازاتی سەرجەم بەرپرسان هەر لە بەرێوەبەری گشتییەوە تاوەکوو دەگاتە سەرۆک کۆمار، هەڵوەشێندراوەتەوە.
لە ساڵانی رابردووشدا لە ئەنجامی هۆکاری سیاسی و پاش دەربڕینی ناڕەزاییەکی گەورەی خەڵک، پەرلەمانی عێراق چەندان یاسای دەرکرد کە لەنێویاندا ساڵی ٢٠١٥ بە یاسایەک ئەو پارەیە هەڵوەشێندرایەوە کە بە پەرلەمانتاران دەبەخشرا و بڕەکەی کەم کرایەوە. هەروەها تەرخانکردنی پارە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشیی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش هەڵوەشێندرایەوە.
ماوەیەکە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەرییان بەخۆیانەوە بینیوە کە تێیدا خەڵکی داوای چاکسازی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان و رەخساندنی هەلی کار و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەن، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی بەردەوام هەوڵدەدەن دۆخەکە بۆ هەموارکردنی دەستوور بە زیانی قەوارەی هەرێمی کوردستان یان پرسی دیکەی سیاسی بقۆزنەوە.
باسنیوز