دۆخی عێراق بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانووبەرەی لە هەرێمی کوردستان لاوازکردووە

دۆخی عێراق بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانووبەرەی لە هەرێمی کوردستان لاوازکردووە
خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق و پەسەندنەکرانی پرۆژەیاسای بوودجە، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانووبەرەیان لە هەرێمی کوردستان کزکردووە و رێژەی فرۆشیان 60% کەمکردووەتەوە.

بۆ زانینی کاریگەریی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق لەسەر بازاڕی ئوتۆمبێل، سەردانی چەند پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێلمان کرد. نرخەکان وەک خۆیانن، بەڵام کڕیار کەمترە. بە گوتەی خاوەنی پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل نەهاتنی کڕیارە عەرەبەکانی رێژەی فرۆشیانی تاوەکو 60% دابەزاندووە.

عەزیز محەممەد، بازرگانی ئۆتۆمبێل گوتی "پێش ئەو دۆخە، مانگی وا هەبوو 50 بۆ 70 گرێبەستی ئۆتۆمبێلمان دەکرد. لەوەتەی ئەم دۆخە لە عێراق درووستبووە، کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە. ئێستا فرۆشی ئۆتۆمبێلمان بۆ زیاتر لەنیوە دابەزیوە".

فارووق خەلیل، بازرگانێکی دیکەی ئۆتۆمبێلە راگەیاند "شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق هێڵی زێڕینی بازاڕی ئۆتۆمبێل بوون، بەڵام لەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە کڕیارە عەرەبەکان بە کەمی دێن. ئێستا مانگانە رێژەی گرێبەستەکانمان تاوەکو زیاتر لە نیوە کەمی کردووە".

ئەگەرچی بازاڕی خانووبەرەش کاریگەریی دۆخی عێراقی لەسەرە، بەڵام بە بەراورد بە بازاڕی ئوتۆمبێل کەمترە.

حاجی سەلام، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە کە زیاتر لە 20 ساڵە خەریکی ئەو کارەیە دەڵێت "هەموو ساڵیک لە گەرمەی باسی بوودجە و ناردنی مووچە لە عێراقەوە، بازاڕ تووشی فشارێکی تایبەت دەبێت. ئەگەر بێتو پرۆژەیاسای بوودجە لە بەغدا بچەسپێت، ئەوە بازاڕ جموجووڵی تێدەکەوێت".

زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندان لە بەغدا و 11 شاری عێراق بەردەوامە و بازاڕەکانی باشووری کوردستانیش بەگشتی و بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە بەتایبەتی زیانیان بەرکەوتووە. نرخی زەوی و خانووبەرە 10% بۆ 15% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
Top