وەزارەتی نەوتی عێراق: خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت نییە

وەزارەتی نەوتی عێراق: خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت نییە
سەرەڕای بەردەوامی خۆپیشاندانەكان و مانگرتنی بەشێکی دامەزراوە حكومییەكان بەتایبەتی كەرتی پەروەردە و داخستنی رێگەی كێڵگە نەوتییەكان لە پارێزگای بەسرە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق جەختدەکاتەوە خۆپیشاندانەکان و لێکەوتەکانی كاریگەری نەرێنییان‌ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نییە.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند "سەقامگیری لە بەرهەمهێنان و كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكان و پاڵاوگەكاندا هەیە و خۆپیشاندەران نایانەوێ‌ پەلاماری كێڵگە نەوتییەكان و فەرمانبەرانی بدەن. وەزارەتیش زۆرێك لە داواكاری خۆپیشاندەرانی جێبەجێكردووە و بەرهەمهێنانیش لە كێڵگە نەوتییەكان نەوەستاوە".

جیهاد ئاماژە بەوەشدەکات "كارەكان بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچن و پاڵاوگەی كەربەلاش 24 كاژێر كاردەكات، هاوکات هەرچەندە دەرچووانی كۆلێژی ئەندازیاری نەوت لە كەربەلا خۆپیشاندانیان كردووە و داوای دامەزراندن دەكەن، تاوەكو ئێستاش وەزارەتی نەوت دوو هەزار و 800 كەسی لەو دەرچووانە دامەزراندووە و كاریش لەسەر دابینكردنی هەلی كاری زیاتر دەكات".

رۆژی سێشەممە 19-11-2019 خۆپیشاندەران هەردوو رێگەی ناوچەی برجیسییە و رمێلەیان لە پارێزگای بەسرە داخست، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش دەڵێت، داخستنەكە ناوە ناوەیە.

كەریم شەواك، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە كە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاوەتەوە راگەیاند "خۆپیشاندەران رێگەكانی هەردوو ناوچەی برجسییە و رمێلەیان داخستووە، بەڵام داخستنەكە یەكجاری نییە. ماوەیەك دایدەخەن بۆئەوەی پەیامەكەیان بگەیێنن، خۆپیشاندانەكانی بەسرە ئاشتییانەیە و هێزە ئەمنییەكانیش بەشێوەیەكی پیشەیی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەن، هاوکات لێكتێگەیشتن لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران هەیە و خۆپیشاندەرانیش دەیانەوێ‌ دوور لە توندوتیژی و وێرانكاری پەیامەكەیان بگەیەنن".

لە 25ـی تشرینی یەكەمی رابردوو خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دژی گەندەڵی و هەژاری دەستیانپێکردەوە و دواتر خۆپیشاندانەكان توندتربوون و دەستیانكرد بە داخستنی رێگە سەرەكییەكان بەتایبەتی رێگەی دامەرزاوە نەوتییەكان، بەندەرەكان و دەروازە سنوورییەكان بۆئەوەی حکومەت ناچاری دەستلەکارکێشانەوە بکەن و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێ.
Top