هاوپەیمانیی عەللاوی هەڕەشەی وازهێنان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكەن
هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا رەتی كردووەتەوە ئیمزا لەسەر ئەو ڕەشنووسەی چاكسازییە بكات كە بۆ چارەسەری تەنگژەكانی عێراق پێشنیاز كراوە، بەڵكو دووپاتی كردووەتەوە كە لە بژاردەی وازهێنان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكۆڵنەوە، چونكە زیاتر لە دە ساڵە داوای چاكسازی لە پرۆسەی سیاسیدا دەكەن و نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
هاوپەیمانییەكە هەروەها هۆشداریشی داوە لەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو بەلاڕێداچوونی تەواوەتی دەچێ و دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی یەكجارەكیی عێراق.
سەرەڕای رێککەوتنی لایەنە شیعەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان و ناڕەزاییەکانی شەقام لە عێراق، كە لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە دەستی پێكردووە و لەم ماوەیەشدا نزیكەی 350 كەس كوژراون و 13 هەزاریش بریندار بوون، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ژمارەی خۆپێشاندەرانیش زیاتر دەبێت.
باسنيوز