سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا: دەست لەکار کێشانەوەی پارێزگارمان بە واژۆی خۆی پێگەیشتووە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند کە لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا دەست لەکار کێشانەوەی مەنسوڕ مورعیدیان لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پەسەند کردووە.
لە میدیاکانی عێراقیشەوە نامەیەک بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بە شێوەیەکی دەستنووس مورعید داوای دەست لەکار کێشانەوەی کردووە.
هاوکات سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی کردەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیاندا نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پارێزگاریان پێگەیشتووە کە بە دەست و قەڵەم و واژۆی خۆی نووسراوە و ئەوانیش پەسەندیان کردووە.
لە بەرامبەردا عەبدولجەبار جبووری، راوێژکاری راگەیاندنی مەنسوڕ مورعید، پارێزگاری نەینەوا رايگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگا بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاوەتەوە و بە گوتەی ئەو، ناتوانن کۆبوونەوە بکەن
هاوکات گوتی: ”پارێزگار دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە، ئەوەی لەبارەی دەست لەکار کێشانەوەکە بڵاوکراوەتەوە راست نییە، بگرە ئەو نامەیە مێژووی لەسەر نییە، لەکاتێکدا دەست لەکار کێشانەوە دەبێت بە نووسراوی فەرمی بێت“.
جەختیشی کردەوە کە ئەو نامەیەی بڵاو کراوەتەوە، ”ساختەیە“ و ئەوان لە پرێس کۆنفرانسێکدا وردەکارییەکان دەخەنە ڕوو.
باسنيوز