مۆڵەتی ٤٥ ڕۆژ بە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دەدرێت
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە ١٢ لایەنی سیاسیی عێراقی واژۆیان کردووە، داوا دەکەن عادل عەبدولمەهدی گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا بکات، هەروەها کۆمسیۆنێکی تازەی حکوومەت پێک بهێندرێت، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەموار بکرێتەوە، بەرەنگاریی گەندەڵی ببنەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) بڵاوی کردووەتەوە کە (نەسر، فەتح و حیکمە) لەنێو دیارترین ئەو لایەنانەن کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدارن. تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتیان بە حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی داوە کە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنیشی، ئەوا متمانەی لێ وەردەگیرێتەوە.
هەروەها تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەت بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دراوە، ئەو یاسایانەی داوا کراوە، هەموار بکاتەوە کە ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، شەقام داوای ئەم گۆڕانکارییانە دەکات. بۆیە ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت یاساکان دەربکات، ئەوان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکانی عێراق لەسەریانە ئەو لایەنانە دەستنیشان بکەن کە لە ڕفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە تێوەگلاون. وێڕای کاراکردنی دادگای تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەپەلە ناردنی تۆمەتباران بە دۆسیەی گەندەڵی بۆ دادگا.
باسنیوز