عادل عەبدولمەهدی: هێزی تایبەت بە پاراستنی خۆپیشاندەران پێکهێندراوە
عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە زانکۆی بەرگری بۆ توێژینەوەی سەربازی رایگەیاند، کاری لە پێشینەی حکومەت پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیانە لە ژێر رۆشنایی سەروەری یاسا و ئاسایش و سیستەمدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد "بەرنامەی حکومەت روونە و ئامانجی دیاریکردووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەبێت چەک لەدەست حکومەتدا بێت. حکومەت پشتیوانی لە تواناکانی هێزە چەکدارەکان دەکات، پەیوەندییە دەرەکییەکانی و تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەپێدانی ئابووری".
عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەکردەوە، یەک وڵات هەیە کە عێراقە، گەل بریتییە لە سوپای راستەقینەی وڵات و گوتیشی، هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە پشتوانیکردن لە هێزە چەکدارەکان.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راشیگەیاند، هێزی پاراستنی یاسایان پێکهێناوە کە راهێنراون لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپێشاندەران و پاراستنیان، هاوکات هەوڵدەدەن دەستوور هەمواربکرێتەوە وەک ئەوەی پێویستە و داواکراوە.