گوتەبێژی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی ئاشکرا کرد
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی عەبدولمەهدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراقی ئاشکرا کرد و رای گەیاند کە بەپێی پڕۆژەیاساکە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکرێن کە بەشێکیان لەم خاڵانەدا ڕوون کراونەتەوە:
- ئەو کەسەی خۆی دەپاڵێوێت، لە کاتی خۆپاڵاوتنەکەدا ٢٥ ساڵیی تەمەنی تەواو کردبێت.
- ئەو کەسانەی ئەم پۆستانەیان هەیە، بۆیان نییە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بپاڵێون:
١- سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی
٢- سەرۆک وەزیران و جێگرەکانی
٣- وەزیرەکان و وەکیلی وەزارەتەکان
٤- سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و جێگرەکانیان
٥- سەرۆکی دامەزراوە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکان و جێگرەکانیان.
٦- راوێژکارەکان
٧- پارێزگارەکان و جێگرەکانیان.
٨- سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان
٩- خاوەن پلە تایبەتەکان
١٠- بەڕێوەبەرە گشتییەکان
- لە دەسەڵاتی دادوەریشدا ئەم کەسانە ناتوانن خۆیان بپاڵێون:
١- دادوەرەکان
٢- ئەندامانی داواکاری گشتی
- هیچ کەسێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان ناتوانن خۆیان بپاڵێون.
- ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەوانەی پۆستی باڵایان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و فەرمانبەرانی کۆمسیۆن ناتوانن خۆیان کاندید بکەن.
- ئەو کەسانەی بە لیستی تاکلایەنە دەچنە نێو هەڵبژاردنەکان، لە دانانی بڕە پارەی تەئمیناتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەبەخشرێن.
- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٥١ پەرلەمانتار پێک دێن کە ٥ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحی، ١ سابیئە، ١ ئێزدی، ١ کوردی فەیلی و ١ی شەبەک دەبێت.
- ئاوارەکان دەتوانن لەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەکەیان بۆ بازنە ئەسڵییەکەی هەڵبژاردن دەچێت، واتە ئەو پارێزگایەی کە لێیەوە بووە.
- پرۆسەی پەنجەمۆر بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت ئەنجام دەدرێت.
- لە دوای دەنگدانی تایبەت، کارتی دەنگدان لە دەنگدەر وەردەگیرێتەوە، دواتریش لە ڕێگەی یەکە سەربازییەکانیان کارتەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
- هیچ پەرلەمانتار، حزب و کوتلەیەکی تۆمارکراو لە چوارچێوەی لیستە کراوە براوەکانی هەڵبژاردن، بۆیان نییە بچنە نێو هیچ هاوپەیمانی و حزب و لیستێکی دیکەوە، تاوەکوو حکوومەت پێک دەهێندرێت.
- رێگە نادرێت هیچ پاڵێوراوێکی براوە لە هەڵبژاردندا بۆ پۆستێک بە پلەی وەزیر لەو خولەی هەڵبژاردن کە تێیدا براوە بووە، کاندید بکرێت.
- عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا بۆ ١٨ بنکەی هەڵبژاردن دابەش کراوە.
باسنيوز