خۆپیشاندەرانی عێراق مانگرتنی گشتی رادەگەیەنن
خۆپیشاندەرانی عێراق لە چەند ناوچەیەکدا مانگرتنی گشتی رادەگەیەنن.
هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە خۆپیشاندەران کرد بۆ ماوەی رۆژێک مانگرتنی گشتی رابگەیەنن.
خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی دیوانییە، زیقار و میسان رایانگەیاندووە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 17-11-2019 هەموو فەرمانگەکانی حکوومەت لە شارەکانیان دادەخرێن و لەسەر دەرگاکانیان دروشمی (داخراوە بە فەرمانی میللەت) دەنووسرێ.
وەک پاڵپشتییەک بۆ خۆپیشاندەران، سەندیکای گشتیی کرێکارانی نەوت و گاز رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە مان دەگرن.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس.
باسنيوز